25/08/2026
لە جیهانی پارێزەرایەتیدا، کێشەیەکی جدی و بەردەوام هەیە کە ڕووبەڕووی زۆربەی پارێزەران دەبێتەوە. ئەویش تێروانینی هەڵەی مووەکیلە بۆ سروشتی کاری پارێزەر. زۆر جار داوایەک کە پێشبینی دەکرا ساڵانێک لە دالانەکانی دادگا وێڵ بێت، تەنها لە یەکەم یان دووەم دانیشتندا بەهۆی داڕشتنی تۆکمەی عەریزەکە، کەڵکوەرگرتن لە کەلەبەرێکی یاسایی، زیرەکی پارێزەرەکە یان دروستکردنی زەمینەی ڕێککەوتن یەکلا دەبێتەوە. کاتێک ئاوێنەی دادپەروەری بەم خێرایییە دەدرەوشێتەوە، لەبری سوپاسگوزاری، مووەکیل شۆک دەبێت و داوای کەمکردنەوەی کرێی پارێزەر (اتعاب) دەکات بە پاساوی ئەوەی: "داواکە خێرا بڕایەوە و پارێزەرەکە زۆر ماندوو نەبووە!"
ئەم تێگەیشتنە چەوتە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە مووەکیل وا دەزانێت اتعاب بەرامبەر "ژمارەی هاتووچۆکان، کاتژمێرەکانی بەسەربردن لە دادگا و درێژەکێشانی ڕۆژەکان" دەدرێت، لە کاتێکدا لە واقیعی یاساییدا بەم شێوەیە نییە. کرێی پارێزەر لەسەر ئەنجامدانی ئەرک، سپاردنی کەیسەکە و دابینکردنی زانیاریی شارەزایانەیە، نەک سووڕانەوەی بەردەوام لە دالانەکاندا.
لە ڕاستیدا، کۆتاییهاتنی خێرای داواکە نەبڕاوەتەوە بۆ "شانس"، بەڵکو بەرئەنجامی ساڵانێک خوێندنەوە، ئەزموون و تاکتیکی زیرەکانەی پارێزەرەکەیە لە هەنگاوی یەکەمدا. ئەم خێرایییە گەورەترین خزمەتە بە مووەکیل چونکە ڕێگەی گرتووە لە بەفیڕۆچوونی کات، تێکچوونی باری دەروونی و خەرجکردنی پارەی زیاتر لە دادگاکاندا.
لەنێو بنەماکانی یاسا و ئیتیکی پیشەییدا، مادام پارێزەر ئەرکەکەی بە سەرکەوتوویی ئەنجام داوە، مووەکیل پابەندە بە دانی تەواوی ئەو اتعابەی کە لە گرێبەستی سەرەتاییدا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە. سزا دانی پارێزەر بۆ زیرەکی و خێرا ئیشکردنی، بێحورمەتییە بە ئەزموون و کارامەیییەکەی چونکە خەڵکی پارێزەر دەگرن تا کێشەکانیان بۆ چارهسهر بکات، نەک تەمەنیان لە دادگاکاندا بەفیڕۆ بدات!
هاوکار هۆشیار