13/04/2023
كۆمپیالە چییە؟
ــــــــــــــــــــــــــ
کۆمپیالە : بریتیە لە بەڵگەنامەیەکی نووسراو بەهۆیەوە کەسێک بەڵێن دەدات بەوەی کە بڕێکی دیاریکراو پارە بە کەسێکی دیکە بدات کە پێی دەوترێت (المستفید) لە بەروارێکی دیاری کراودا یان هەر کاتێك داوای بكات (حین طلب).
بۆ ئەوەی کۆمپیالە شایستەی خەرجکردن بێت چەند مەرجێکی پێویستە كە دەبێت هەبێت بەم مەرجانە لەقەرزی ئاسایی جیا دەکرێتەوە و دەبێت بە نوسراوێکی بازرگانی ،
-دەبێت ناوەڕۆکەکەی بڕێکی دیاریکراو لە (پارە بێت) .
- نابێت هیچ مەرجێکی تێدابێت واتە شایستە بوون بە هیچ مەرجێکەوە نەبەسترابێتەوە.
- دەبێت بەرواری شایستەبوون (تاریخ الاستحقاق)ی تێدابێت.
- لەگەڵ چەند مەرجێکی دیکە کە دەبێت هەبێت تاوەکو ببێتە نوسراوێکی بازرگانی و شایستەی خەرجکردن بێت دەست بەجێ لە بەرواری شایستە بوونیەوە .
دەبێت تێیدا دەستەواژەی (التعهد) بەڵێن دان و دەستەواژەی (سند لٲمر) و واژوی نووسەرەکەی و ......هتد ، هەبێت.
لەلایەن جێبەجێکاری داد (المنفذ العدل) جێبەجێ دەکرێت ، بەبێ ئەوەی پێویستی بە بەرزکردنەوەی داوا هەبێت لەدادگای بەرایی ، هەر کاتێك بەرواری شایستەبوونی (تاریخ الاستحقاق) هات ، ئەو کەسەی کە کۆمپیالەکەی لایە تەنیا پێویستی بەوەیە بچێتە لای جێبەجێکاری داد (منفذ العدل) و داوای جێبەجێکردنی بکات ئەگەر نوسەری کۆمپیالە ئامادە نەبێت ئەو بڕە پارەیە بدات کە لەکۆمپیالەکەدا نوسراوە ، بە بڕیاری جێبەجێکاری داد (منفذالعدل) موڵك و ماڵی نووسەری کۆمپیالەکە حجز دەکرێت یان حەپس دەکرێت.
ئەگەر کەسێك کۆمپیالە بنووسێت دادگا هیچ ماوەیەکی وەکو دەرفەت پێ نادات تاوەکو خۆی بۆ دانەوەی قەرزەکەی ئامادە بکات.
ئەگەر کۆمپیالەکە گەیشتە کاتی شایستەبوو (الاستحقاق) دەست بەجێ دەبێت ئەو بڕە پارەیە بدات کە لە کۆمپیالەکەدا نوسراوە ، لە کاتێکدا بۆ قەرزدار دادگا ماوە دەدات بە قەرزدار بەپێی حاڵەتەکە تاوەکو بڕی قەرزەکە ئامادە بکات و بیداتەوە ، هەندێ جاریش دەیکات بەقیست بەپێی جۆر و حاڵەتی قەرزدار و قەرزەکە ، بەڵام بۆ کۆمپیالە بەم شێوەیە نیە.