24/07/2024
لە چەند ڕۆژی داهاتوودا گفتوگۆی گرنگ سەبارەت بە چاکسازی یاسای باری کەسێتی بە شێوەیەکی نا دروست لە ژێر ناوی ( تعدیل قانون الاحوال الشخصیة ) ئەنجامدەدرێت لە ناو پەرلەمانی عیراقدا ، کە تیایدا لە جێگەی چاکسازی کردن لە یاساکەدا و گونجاندنی لەگەڵ سەردەمی ئێستادا لایەنەکان هەوڵ دەدەن کە لە بەرژەوەندی خۆیان یاساکان بگونجێنن .
ڕونکردنەوەیەك لەسەر ماددەکان : -
- مادە یاساییەکانی باری کەسێتی ئیتر بەپێی ڕای ( الفقة ) دیاری دەکرێن
- ڕێگەدان بە هاوسەرگیری بەبێ بوونی مەرجی تەمەن ، وە لە ساتی بڕیاردانەوە لەسەر ئەم یاسایە ئیتر تەمەنی هاوسەرگیری لە (١٥ ) پازدە ساڵیەوە دەگۆڕێت بۆ ( ٩ ) ساڵ لە عیراقدا .
- لابردنی سزا لەسەر هاوسەرگیری کردن لە دەرەوەی دادگا ( کە ئەمە ڕێگەخۆشکەرە بۆ دروستبوونەوەی گرێبەستی هاوسەرێتی نا یاسایی )
- ڕێگەدان بە هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگا و هەر کاتێک هەردوو هاوسەر ڕەزامەندبوون ئەو کات لە دادگادا گرێبەستەکەیان بۆ دەکرێت بە رەسمی .
- لە دوای ئەوەی کە تەمەنی یاسایی بۆ منداڵ کە دیاری بکات لە دوای جیابوونەوە لە لای دایکی دەبێت یاخود باوکی بریتیە لە تەمەنی ( ١٥ ) پازدە ساڵی ، ئەوە ئەم تەمەنە کەم دەکرێتەوە بۆ تەمەنی (٧) حەوت ساڵ و منداڵ لە ئەو تەمەنەوە بڕیار بە دەستی خۆی دەبێت .
- ئەگەر ژن لە دوای جیابوونەوە هاوسەرگیری بکاتەوە ئەوە مافی دایەنی راستەخۆ بۆ باوک دەبێت ئەگەر دایکەکە ڕازی بێت یاخود نا
- لە هاوسەرگیریدا پیاو خۆی بڕیار دەدات کە لەسەر چ مەزهەبێك هاوسەرگیریەکە ئەنجام بدەن ، وە لە حاڵەتی بوونی ناکۆکی لەسەر دیاریکردنی جۆری مەزهەبەکە ئەوە بڕیار بە دەستی پیاو دەبێت بەبێ گەڕانەوە بۆ ژنەکەی .
- ژن مافی وەرگرتنی وەرەسەی نابێت لەسەر موڵک ( العقارات ) .
لە کۆتاییدا ئەگەر ئەم بڕگانەی سەرەوە پەسەند بکرێت ئەوە زەرەرمەندی یەکەم لەم یاسایەدا منداڵ دەبێت ، کە لە جێگەی خەمخواردن بۆ داهاتووی و پەروەردەیەکی دروست و ژیانکردنی ژیانی منداڵی خۆی دەبێت بەرپرسیارێتی گەورە لە ئەستۆبگرێت ،وە بێگومان ئەم جۆری هاوسەرگیریە هیچ جیاوازیەکی نابێت لە ئەنجامدانی دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان و شەرعیەتدان بە تاوانەکە
ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە کە بڵێین بەخێربێن بۆ ( العراق العظیم ) .
پارێزەر / تابلۆ محمد عبدلله