21/06/2026
بەیادی شەهیدان کاک ئەحمەد فتح اللە و هاوڕێکانی و جەمالی علی باپیر‌و هاوڕێکانی...
کاک ئەحمەد و پۆلێک پیشمەرگە لە رۆژی ٢٠ی ٦ ی ١٩٧٨ لەگوندی دڕی بەدەستی بەعسیان شەهیدکران. سلاو بۆ گیانی گشت شەهیدان.
وتاری هاوڕێم کاک ئەبوبەکر چاوشین سەبارەت بە روداوی شەهیدانی گوندی دڕی:
تروسكه‌یه‌ك دوای شه‌وه‌زه‌نگ
ئه‌بوبه‌كر عوسمان (ئه‌بوبه‌كر چاوشین)
له‌ژیاندا زۆر ئه‌ركی گه‌وره ئاره‌زوو مه‌ندانه‌ن، مرۆڤ خۆی به‌ره‌و پیری ده‌چێ، ناچار ناكرێ. خه‌باتی گه‌لی ئێمه ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیه‌ی به‌خۆوه گرتووه وه‌ك ڕابردووی هه‌ر گه‌لێكی تر، وه‌ك چۆن چه‌وسانه‌وه‌ی مرۆڤ له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه ڕه‌گ و ڕیشه‌ی مێژوویی زۆر كۆنی هه‌یه، سروشتی مرۆڤه‌كانیش له‌م چه‌شنه زوڵم و سته‌مكاریه به‌ده‌رنه‌بون، ڕێچكه‌ی خه‌بات و تێكۆشانیش لێره‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، وه‌ك چۆن كه تینوو ده‌بی به‌شوێن ئاودا ده‌گه‌ڕێی، یاخود كه برسی ده‌بی به‌شوێن ناندا، له‌كاتی بێ ئیش بوندا به‌شوێن كاردا، ئازادیش كه‌نه‌بوو به‌شوێنیدا ده‌گه‌ڕێی، چونكه هیچی كه‌متر نیه له‌پێویستییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ژیان، به‌شی هه‌ره زۆری ژیانێكی خۆشگوزه‌ران و شه‌ره‌ف مه‌ندانه له ئازادیه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ. بۆیه هه‌میشه مرۆڤه بوێر‌و هه‌ست به‌رزو هۆشیارو به‌ئاگاكان سه‌وداسه‌ری ئازادین و گیانی خۆیانی له‌پێناودا به‌خت ده‌كه‌ن. ته‌نانه‌ت له‌دیدو تێڕوانینی کەسی ئاسایی‌دا ئه‌و كه‌سایه‌تیانه جیاده‌كرێنه‌وه، ئه‌گه‌ر له ژیاندابن یان له‌و پێناوه‌دا شه‌هید بووبن، به‌چاوی ڕێزه‌وه لێیان ده‌ڕوانرێ، جێگه‌ی گرنگی پێدان و بایه‌خی زۆری هاووڵاتیانی خۆیانن.
هه‌موو ئه‌و غه‌درانه‌ی كه ده‌كرێن و كراون به‌شێكی مرۆڤ خۆی له خۆی ده‌كات و به‌شێكیشی په‌یوه‌ندی به‌شوێن و پێگه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كانه‌وه هه‌یه، گه‌لی ئێمه‌ش به‌ده‌ر نیه له واقیعی ئه‌م تێڕوانینه به‌حوكمی مێژوو ئاستی باڵاده‌ستی و زۆر هۆكاری تر پێوه‌ره بۆ ئه‌و جۆری هه‌ڵسوكه‌وت و مامه‌ڵه‌یه.
سه‌رجه‌م ئه‌و دابه‌شبوونه جوگرافی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیانه‌ی له‌جیهاندا كراون په‌یوه‌ند دارن به ئاستی هۆشیاری و ژماره‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانه‌وه، شێوازی هه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ بارودۆخی سیاسی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه پریشكی زۆر‌و زیانی گه‌وره له‌ڕابردوودا به‌ر گه‌لی ئێمه كه‌وتووه، كه لێپرسراوێتی گه‌وره‌ی ئه‌م به‌رپرسیارێتی یه به‌ناچاری كه‌وتۆته سه‌رشانی نه‌وه‌كانی دوای ئه‌و كاته به‌ئێستاو ئاینده‌شه‌وه.
ئه‌وه كلتور‌و ناسنامه‌و شارستانیه‌ت و بنه‌ماكانی نه‌ته‌وه‌یی نیه، كه ده‌بینین ده‌وڵه‌تانی كه‌نداو به‌و قه‌واره بچوكه‌و كه‌می دانیشتوان و له‌و پێگه ئاڵۆزه‌ی له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناویندا خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی و سه‌روه‌ری خۆیانن، كوردیش وه‌ك گه‌لێكی خاوه‌ن ڕیشه‌ی مێژوویی به‌و جوگرافیا فراوان و زۆری ژماره‌ی دانیشتوان هه‌موو ئه‌و خه‌سڵه‌ته نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی تیایه‌تی، وه‌ك: خاك، دانیشتوان، مێژوو، زمان، فه‌رهه‌نگ و كلتور‌و چه‌ندین ڕه‌سه‌نایه‌تی تر. بێ به‌شكراوه له سه‌ره‌تایی ترین مافی، ته‌نانه‌ت مرۆیی خۆشی، من وای ده‌بینم كوردیش له‌و مه‌وقع و شوێن و هه‌ڵكه‌وته جوگرافی و ئابوریه‌ی ئه‌وان و پێیه‌كی له‌سه‌ر ده‌ریا بوایه، هه‌ر ئه‌وكات به‌ڕه‌سمی له‌لایه‌ن زلهێزانی جیهانه‌وه ده‌ناسێنراو خاوه‌نی شوناس و پێگه‌ی گرنگی خۆی ده‌بوو.
كه‌واته شوێنی كورد له‌و جیۆپۆله‌تیكه‌ش به‌شێكه له‌و غه‌دره، بگره هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌و سته‌مه‌یه كه لێی كراوه. كاتێ كه له‌ڕووی نه‌ته‌وه‌یی و مێژوو مرۆڤ بونه‌وه كار له‌سه‌ر ماف و ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی گه‌لانی دنیا نه‌كراوه، بۆیه باجی هه‌ره قورسی ئه‌و دابه‌شبونه به‌ر گه‌لی ئێمه كه‌وتووه، ئه‌وه‌یه كه ده‌بینین ئێمه له‌دوای شه‌ڕی جیهانی یه‌ك و له‌داڕشتنی نه‌خشه‌ی سیاسی جیهاندا پێگه‌یه‌كمان نیه‌و به‌گه‌لێكی فه‌رامۆشكراوی دابه‌شكراوی بن ده‌ست و چه‌وساوه سه‌یر كراوین، وه به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لانی سه‌رده‌ستی ناوچه‌كه‌و ویستی زاڵمانه‌یان ڕێكه‌وتننامه شومه‌كانی وه‌ك لۆزان و سایكس بیكۆمان به‌سه‌را جێبه‌جێ كراوه، كه خۆشمان مه‌عریفه‌ی سیاسی و ده‌وڵه‌تداریمان نه‌بوه‌و له‌ئاستی حوكمڕانی و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریدا نه‌بوین، هاتون دابه‌شیان كردوین، لێره‌وه ناچار كراوین بیر له یاخی بون و به‌ره‌نگاری ناوچه‌یی و ناڕێكخراوه‌یی بكه‌ینه‌وه له‌پێناوی ده‌رچون له‌و دۆخه ترسناكانه، وه له‌م پێناوه‌شدا سه‌دان هه‌زار شه‌هیدو ھەروەھا ڕوباری خوێن ببه‌خشین، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی كه ئه‌گه‌ر ژیانی شایسته به ئێمه ڕه‌وا نه‌بینن با ژیانی ئه‌وانیش تێك بچێ. به‌درێژایی مێژوو له‌م ڕوبه‌ڕوبونه‌وانه‌دا زیانی ناحه‌زان و دوژمنانی گه‌له‌كه‌مان كه‌متر نه‌بووه له پرشكی ئه‌و زیانانه‌ی به‌ر گه‌له‌كه‌مان كه‌وتووه. وه ئه‌م دۆخه درێژه ده‌كێشێ تاكو زمانی گفتوگۆ‌و چاره‌سه‌ری ئاشتیانه نه‌یه‌ته بون، به‌داخه‌وه ده‌ڵێم گیانی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌و شه‌ڕو ململانێكان هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بن.
گه‌رچی دوژمنانی گه‌له‌كه‌مان به‌درێژایی ئه‌و مێژوه ده‌ستیان له ژن و مناڵ و مرۆڤی بێ تاوانی ئێمه نه‌پاراستووه، مێژوو شاهیدی ده‌یان كۆكوژی گه‌وره‌ی ئه‌وانه، به‌رامبه‌ر كورد‌و كه له‌دوای هۆلۆكۆست له‌جیهاندا كۆمه‌ڵكوژی وا گه‌وره به‌رانبه‌ر هیچ گه‌لێكی تر نه‌كراوه، جگه له كورد. به‌پێچه‌وانه‌وه له‌شۆڕشه‌كانی كورد دا نه‌ك هه‌ر ده‌ست بۆ ژن و مناڵی ئه‌وان نه‌براوه، به‌ڵكو ده‌یان هه‌زار دیلی جه‌نگ به‌ڕێزه‌وه به‌ڕێ كراونه‌ته‌وه بۆ ناو كه‌سوكاریان وه‌ك له‌ڕاپه‌ڕینی 1991دا بینیمان، ته‌نانه‌ت چێشتخانه‌كانی كوردستانیان بۆ كرابۆوه، به‌وپه‌ڕی ڕێزه‌وه مامه‌ڵه‌یان له گه‌ڵدا كرا. كه هه‌ر ئه‌وانه‌ش بون ئه‌نفالی گه‌لی ئێمه‌یان كرد.
هه‌ر كاتێ به‌هاكانی مافی مرۆڤ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌وه ڕێزی لێ گیراو هۆشیاری دیموكراسی و بیری پێكه‌وه ژیان گه‌شه‌ی كرد‌و گه‌لانی ناوچه‌كه به سیستمی حوكمڕانیانه‌وه گه‌یشتنه ئه‌و ئاسته دڵنیام زۆر ئۆتۆماتیكی به‌ر به‌و نه‌زیفی خوێن و كاولكاریه ده‌گیرێت و كۆتایی دێ. به‌ڵام له‌ئێستادا نیگه‌رانی قوڵ له‌وه‌دایه، تێگه‌یشتنی ئه‌م وڵاتانه‌ی كوردیان به‌سه‌را دابه‌ش كراوه، تا ئه‌م كاته‌ش ئاسۆی ڕونی تێگه‌یشتن و هه‌ستی مرۆڤانه‌یان له‌ئاستی گه‌له‌كه‌مان زۆر لاوازه‌و له‌بری په‌نابردن بۆ به‌ئاشتی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و سه‌لماندنی كێشه‌كانمان هه‌میشه په‌نایان بۆ شه‌ڕو كوشتن و داگیركاری و پێشێل كردنی مافه‌كانمان بردوه تا ئاستی سڕینه‌وه‌و كۆمه‌ڵكوژی و له‌ناوبردنمان.
ته‌نانه‌ت له‌درێژه‌ی ئه‌و جینۆسایدانه‌دا ترسناكترین چه‌كی كۆكوژیان له‌دژمان به‌كارهێناوه. له‌م نێوه‌نده‌دا ده‌وڵه‌تی فاشستی تورك مێژویەکی یه‌كجار ڕه‌شی هه‌یه، ته‌نانه‌ت دژ به گه‌لانی تریش وه‌ك: پرۆسه‌ی له‌ناوبردنی زیاتر له یه‌ك ملیۆن ئه‌رمه‌نی له‌ساڵی (1915)، هه‌روه‌ها به قۆناغ له‌ناوبردنی گه‌لی كورد له‌باكور به‌ئێستاشه‌وه، كه یه‌كێ له‌و كوشتاره بێ به‌زه‌ییانه له‌ناوبردنی زیاتر له (40) هه‌زار ژن و مناڵی كورد له ده‌رسیم ساڵی (1937) به‌پێی به‌ڵگه‌نامه مێژووییه‌كان و له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌تاتورك. له‌كوردستانی باشوریش هه‌ر له‌دوای دروست بونی ده‌وڵه‌تی عێراق، له‌ناوبردنی گه‌له‌كه‌مان درێژه‌ی هه‌بووه، كه‌دیارترینیان له هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو بوو له‌سه‌ر ده‌ستی سه‌رانی دڕنده‌ی ڕژێمی به‌عس و خودی سه‌دامی دیكتاتۆر.
له‌و ساڵانه‌داو به‌پێی ئه‌و قۆناغانه‌ی به به‌رنامه كاریان بۆ ده‌كرد، هه‌ر له‌دوای ساڵی (1976) به‌دواوه وه‌ك ڕاگواستن و كاولكردنی هه‌زاران گوند به‌درێژایی سنوری عێراق- ئێران ساڵی (1978) و دروست كردنی پشتێنه‌ی ئه‌منی تا به‌كارهێنانی چه‌كی كۆكوژ له هه‌ڵه‌بجه‌و سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی كوردستان تا ئه‌نفال كردن و بێ سه‌روشوێن كردنی سه‌دان هه‌زار هاوڵاتی كوردی بێ تاوان و به‌زیندوویی گولـله باران كردنیان و كردنیان به‌ژێر خۆڵه‌وه له‌بیابانه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشوری عێراق كه گه‌وره‌ترین تاوانیان له‌دیدی شۆفێنیزمی عه‌ره‌بیدا ته‌نیا كورد بون بوو. به‌دڵنیاییه‌وه دواقۆناغی ئه‌و پیلانه ترسناكه دژی كۆی گه‌له‌كه‌مان جێبه‌جێ ده‌كرا، له‌دواجاردا به‌باش و به‌جاشیشه‌وه ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ی داگیركردنی كوێت نه‌بوایه له لایه‌ن ڕژێمی به‌عسه‌وه له‌مانگی هه‌شتی ساڵی (1990) كه ده‌وڵه‌تانی دنیای ناچاركرد لێی به‌ده‌نگ بێن و سنورێك بۆ هێرش و په‌لاماره‌كانی دابنێن‌و كه بینییان به‌رژه‌وه‌ندی ئابوری خۆیان كه‌وته مه‌ترسیه‌وه، له‌وێدا بوو ئه‌و پرۆسه به‌د ناوه‌ی شه‌ڕی له‌ناوبردنمان كۆتایی هات و له باربرا. بۆیە بەدڵنیایەوە کورد لەباشور بەگشتی پاشماوەی ئەنفالین
دیاره شۆڕشه‌كانی كورد هه‌ڵقوڵاوی هه‌ناوی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یانن، له‌ئه‌نجامی چه‌وسانه‌وه‌و زوڵم و سته‌می له‌ڕاده به‌ده‌ری سه‌ر گه‌له‌كه‌یانه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه. نمونه‌ی ئه‌وانه شۆڕشی ئه‌یلول و سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی نوێ بوو، كه له‌ئه‌نجامی هه‌ره‌سی شۆڕشی ئه‌یلوله‌وه له‌ساڵی (1975) هاته ئاراوه. كه شه‌هید ئه‌حمه‌د و هاوڕێكانی له‌نمونه‌ی ئه‌و سدان تێكۆشه‌رانه بون كه دژی داگیركه‌رانی گه‌له‌كه‌مان بونه پێشمه‌رگه‌و چه‌كی خه‌باتیان كرده‌وه شان و درێژه‌یان به‌و خه‌باته دا كه له شۆڕشی ئه‌یلول بۆیان ته‌واو نه‌كرابوو. له‌ڕۆژگارێكدا؛ دوای ڕێككه‌وتننامه‌ی شومی جه‌زائیر كه ڕژێم به‌و په‌ڕی سه‌ركه‌وتنی سیاسی و سه‌ربازیه‌وه هاته‌وه كوردستان، كه ناوچه سنوریه‌كان له‌مێژووی دروست بونیدا بۆ یه‌كه‌م جاربوو هێزێكی داگیركه‌ری به‌ڕه‌گه‌ز جیاوازی به‌و شێوه‌یه به‌خۆیه‌وه ببینێ، بستێ له خاكی نیشتمان، ته‌نانه‌ت گردێ، به‌رزایی و سه‌ر لوتكه‌ی شاخێ نه‌ما به ڕه‌بایه‌ی دوژمن نه‌ته‌نرابێ، ده‌شتاییه‌كانیش به مه‌عه‌سكه‌رو سه‌ربازگه‌ی گه‌وره پڕكرا له‌هێزی سه‌ربازی مه‌شق پێكراوی ئه‌و سوپا داگیركه‌ره به‌پشتیوانی لۆجستی و تۆپ و جبه‌خانه‌ی جه‌نگی، ته‌نانه‌ت ئه‌قڵی شه‌ڕه‌نگێزانه‌ی به‌عس و سوپاكه‌ی گه‌یشتبوه ئاستێك له‌ده‌وری سه‌ربازگه‌كانی ده‌یان دروشمی ترسناكی وه‌ك: (لا تراجع) یان (لانرید ان یسمع أحدا ان أقول أمامنا مقاومة) وه ده‌یانی تریان هه‌ڵواسی بوو وه‌ك: (اذا قال
صدام، قال العراق).
* كاره‌ساتی شه‌هید بوونی كاك ئه‌حمه‌د فه‌تحوڵڵا و هاوڕێكانی:
شه‌هید ئه‌حمه‌د له‌ده‌سته‌ی ئه‌و مه‌فره‌زه سه‌ره‌تاییانه بوو كه دوای ساڵی (1976) ئه‌ركی هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕشی نوێیان پێ سپێردرابوو، كار‌و چالاكیه‌كانی له‌پێنجوێنه‌وه هه‌تا ناوچه‌كانی سیوه‌یل و ئالان و ناوچه‌ی ماوه‌ت و سنوری شینكایه‌تی و شارباژێڕی سه‌خت بوو. دوژمن هه‌ر زوو به‌هۆی جموجۆڵ و چالاكیه‌كانیانه‌وه هه‌روه‌ها له‌ڕێگه‌ی سیخوڕ‌و ده‌زگا نهێنیه‌كانیه‌وه هه‌ستی به‌بونیان كردبوو، بۆیه به چه‌ندین شێوه‌ی سه‌ربازی و كاری نهێنی كه‌وته شوێنیان به مه‌به‌ستی هه‌رچی زوو له‌ناوبردنیان. له‌و كاته‌شدا ڕژێمی دیكتاتۆری به‌عس سه‌رگه‌رمی دروست كردنی ئۆردوگای زۆره‌ملێ و وێرانكردن و ڕاگواستنی دێهات و دانیشتوانی سه‌رسنوریه‌كان بوو، كه ئه‌م مه‌فره‌زانه ڕێگر بون له جێبه‌جێكردنی ئه‌و نه‌خشانه‌ی دوژمن. له (كه‌نارو) به‌شێكی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌یان سوتاند، له ئۆردوگای كارێزه به‌هه‌مان شێوه.
به مه‌به‌ستی دابڕانی خه‌ڵك و شۆڕش و كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه له‌چوارچێوه‌ی ئابڵوقه‌یه‌كی سه‌ربازی تۆكمه‌و وردا بوو.
بۆیه له‌داو كردنی ئه‌م پۆله شه‌هیده پیلانێكی ئه‌منی و ئیستغباراتی نه‌خشه بۆكێشراو بوو كه زۆر له‌وه‌پێش له‌ڕێگه‌ی ده‌زگا جاسوسیه‌كانیه‌وه كاری بۆ كردبوو. تاكو له‌و ڕۆژه‌داو له‌ڕێگه‌ی چه‌ندین هێزی ڕاهێنراوو مه‌شق پێكراوی سه‌ربازیدا جێبه‌جێی كرد. هه‌میشه له‌شه‌ڕی پارتیزانیدا وابووه ئه‌و شه‌ڕانه‌ی كه دوژمن هه‌ڵی ده‌بژێرێ و كات و شوێنیان بۆ دیاری ده‌كا شه‌ڕی له‌ناكاوو نابه‌رامبه‌ره‌و ده‌كرێ دوژمن سه‌ركه‌وتنیان تیا به‌ده‌ست بێنێ. پێچه‌وانه‌كه‌شی هه‌ر ڕاسته‌و نمونه‌ی سه‌دان سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌مان له‌به‌ر ده‌ستدایه كه هێزی دوژمن به‌ژماره‌ی زۆر له‌سه‌ر ده‌ستی شۆڕشگێڕان ته‌فرو تونابون.
كاتێك ده‌سته‌یه‌ك له‌هێزی پێشمه‌رگه له‌ڕێگه‌یه‌كی دوور، له‌شه‌وێكی تاریك، له‌دره‌نگانێكی دوانیوه شه‌و ده‌گه‌نه سه‌رچاوه‌ی كانیه‌ك، له یه‌ك كیلۆمه‌تری باكوری گوندی (دڕی) كه زێدی له‌دایك بونی شه‌هید ئه‌حمه‌د بوو، ته‌نانه‌ت هه‌ر كانی بیشوو سه‌رچاوه‌ی كانی و ئاوێكی سازگاره، به‌موڵك هی باوكی كاك ئه‌حمه‌د بوو، دوور له‌دانیشتوان و چه‌په‌كدا. دوژمن كه پێشتر زانیاری له‌سه‌ر هاتنیان هه‌بووه، به‌ڵام نه‌ك به‌دیاریكراوی بۆ ئه‌و شوێنه‌ی كه لێی ماونه‌ته‌وه. دیاره هه‌ر به‌دوای ئه‌واندا هێزه‌كه‌ی دوژمن كه پێك هاتبوو له‌سوپایه‌كی زۆری مغاویرو قواتخاسه تاریك و ڕوون ده‌وری گونده‌كه‌یان گرت. من ئه‌وكات خوێنكاری یه‌كی ناوه‌ندی بووم، یه‌كه‌م كاری سه‌ربازیان كۆكردنه‌وه‌ی پیاوانی گونده‌كه بوو، له ته‌مه‌نی هه‌شت ساڵی بۆ سه‌ره‌وه له‌سه‌ر بانێك له قه‌راغی گونده‌كه‌و ئابڵوقه‌دانیان به‌ده‌یان سه‌رباز له هه‌رچوار لاوه. ئه‌وسا گه‌ڕان و پشكنینی ماڵ به‌ماڵی گونده‌كه ده‌ستی پێكرد. هێزه‌كه كۆكراوه‌ی ئه‌و هێزانه بوو كه‌له سه‌ربازگه‌كانی قامیش و گه‌ڵاڵه‌و دۆڵی بیرێ و ته‌نانه‌ت ئاوه‌كورتێ و ده‌شتی مه‌یدانانی ماوه‌ت قه‌ڵاچوالانه‌وه هێنابویانن، بۆیه هه‌ر ماڵێ ده‌یان سه‌ربازی به‌ركه‌وتبوو.
دوای ته‌واوبونی پشكنینه‌كه كه كه‌سیان ده‌ست نه‌كه‌وت، فه‌رمانده‌كه‌یان به پله‌ی لیوا هاته لای خه‌ڵكه‌كه‌و وتی: زانیاریمان هه‌یه كه ئه‌و تێكده‌رانه دێنه ئه‌م ناوه، ئێمه پێتان ده‌ڵێین كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هاوكاری و پشتیوانیان مه‌كه‌ن، نانیان مه‌ده‌نێ، چاوساغیان بۆ مه‌كه‌ن، ئه‌وانه كه‌سانی یاخی و تێكده‌رو ئاژاوه‌چین، هه‌تا به‌دورن له نه‌ریت و ئایینی ئیسلامیش، دوای ئه‌وه به هه‌ندێ هه‌ڕه‌شه‌وه، داوای له‌هێزه‌كه كرد‌و ده‌ستیان به‌كشانه‌وه كرد له‌ده‌وری كاتژمێر 9 و زیاتر، كاتێكمان زانی له‌زنجیره‌ی شاخی ئه‌وبه‌ر كه ده‌ڕوانێ به‌سه‌ر كانی بیشوودا چه‌ند ڕیزێك ته‌قه‌كراو سه‌ربازه‌كانی سه‌ر ئه‌و شاخه هاواریان كرد: (های عصات، های عصات)؛ دوباره هێزه‌كه‌ی دوژمن گه‌ڕایه‌وه‌و به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ڕێگه‌ی جیهازه‌كانیانه‌وه پێیان ده‌گه‌یشت به‌ره‌و لای پێشمه‌رگه‌كان جوڵه‌یان پێ كرا‌و هه‌ر له‌گه‌ڵ ڕۆیشتنیان خه‌ڵكێكی زۆری گونده‌كه‌یان پێش خۆیاندا، كه هه‌م وه‌ك قه‌ڵغانی مرۆیی به‌كاریان هێنان و هه‌م بۆ شاره‌زایی ڕێگه‌و جۆری هاتوچۆو به‌كارهێنانیان له گواستنه‌وه‌ی بریندار‌و پێویستیه‌كانی تریان. بۆیه له كاتژمێر دوای (10)ی سه‌ر له به‌یانی (20/6/1978)دا له‌شه‌ڕێكی نه‌خواستراوی كه‌م خایه‌ندا (6) پێشمه‌رگه شه‌هید بوون و (4)یش به‌دیل گیران، ئه‌وانی تریش هه‌ندێكیان به‌برینداری له‌و درزه شاخ و كه‌لێن و كاوانه‌دا ون ده‌بن و نادۆزرێنه‌وه بۆیان و ده‌رباز ده‌بن و به‌ڕێكه‌وت له‌مردن ڕزگار ده‌بن. ئه‌وانه‌ی ده‌ست دوژمن نه‌كه‌وتن؛ شه‌هید مامۆستا غه‌فور ژاژڵه‌یی، كه به‌برینداری ڕزگاری ده‌بێت له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كی تری وه‌ك: به‌ڕێز، كاك عه‌بدوڵڵا هه‌مزه‌ی تێكۆشه‌ر، كه تا ئێستاش له‌ژیاندا ماوه، ئه‌وانه‌ش كه به‌دیلی كه‌وتنه ده‌ست دوژمن، یه‌كێكیان منداڵ كارێك بوو به‌ناوی (حه‌مه سه‌عید عوسمان)، له‌گه‌ڵ دوو بریندار، كه یه‌كێكیان به سواری گوێ درێژ سه‌ریان خست، یه‌كێكی تریان، ئه‌مه‌یان بۆ مێژوو بۆ نه‌وه‌كانی ئاینده، گه‌نجێكی گه‌نم ڕه‌نگی باڵابه‌رزی به به‌ده‌ن لاواز، به‌ڵام به وره پۆڵا، قاتێ جلی خاكی له‌به‌ردا بوو، هه‌ر به‌ڕاستی پێشمه‌رگه، گیانی شه‌ڵاڵی خوێن بوو، هه‌ر دوو ده‌ستی به پشتێنه‌كه‌ی له‌دواوه به‌سترابوو، ئه‌میان به چه‌ند سه‌ربازێ هێنایه ناو خه‌ڵكه‌كه تاكو پێیان بڵێ كێ ده‌ناسێ و كێ نانی داونه‌تێ و هاوكاری كردون، پێشمه‌رگه‌كه ده‌ستی به قسه‌كردن كرد، ڕووی له دانیشتوانه‌كه كرد‌و وتی: ئه‌رێ خه‌ڵكینه، ئێوه من ده‌ناسن و له‌ژیانتانا دیوتانم، قه‌ت نانم له ماڵتان خواردوه، خه‌ڵكه‌كه خێرا وتیان: نه‌خێرو هه‌رگیز نه‌مان دیوی، ئه‌م قسانه كه ته‌رجومه كرانه‌وه بۆ سه‌ربازه‌كان، یه‌كێ له سه‌ربازه‌كان به‌توندی تفێكی لێ كرد، ئه‌و پێشمه‌رگه گیان بازه زۆر نه‌ترسانه تفه‌كه‌ی لێ كرده‌وه، ئه‌وه‌بوو به لێدان بردیان و دووریان خسته‌وه. جێگه‌ی خۆشحاڵیه ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه به‌ڕێكه‌وت به‌ر لێبوردن ده‌كه‌وێت و ئازاد كراوه‌و ئێستا له ژیاندایه، كه ناوی (مسته‌فا ده‌مركانیه)، كه له‌ڕاستیدا جێگه‌ی شانازیه بۆ گه‌له‌كه‌مان، له‌هه‌ر كوێ بێ و له‌هه‌ر پله‌و كارێكدا بێ، ڕه‌مزی خه‌بات و قاره‌مانێتی یه، ئه‌وانه سه‌ربازی ونی گه‌له‌كه‌یانن، من وه‌ك خۆم په‌ندو ئامۆژگاری به‌رزم لێ وه‌رگرتوه‌و له‌و كاته‌وه واڕاهاتووم به‌ده‌م سه‌ختیه‌كانه‌وه پێ بكه‌نم. به‌ڕاستی په‌روه‌رده‌ی كه‌سی شۆڕشگێڕ هه‌روا ده‌بێ، له‌و كاته‌دا، له‌نمونه‌ی ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌ی كه یاری به مه‌رگ ده‌كه‌ن له‌و سه‌رده‌مه‌دا له زیندانه‌كانی دوژمن‌دا هه‌بون، وه‌ك شه‌هید (مه‌لا عه‌لی) پێشمه‌رگه‌ی شاخ و زیندان.
ئه‌وه‌ی كه مه‌به‌سته لێره‌دا بگوترێ، به‌داخه‌وه ئاشكرابوونی ئه‌و مه‌فره‌زه‌یه كه پێك هاتبوون له (18) پێشمه‌رگه، له‌ئه‌نجامی جوڵه‌و هاتوچۆی به‌شێك له برا پێشمه‌رگه‌كان خۆیانه‌وه بووه. وه‌ك وتم ئه‌وان دوور بوون و له ده‌ره‌وه‌ی ئابڵوقه‌ی دوژمن‌دا بوون، پێ ده‌چێ هه‌ستیان به‌بوونی ئه‌و هێزه كردبێ به‌ده‌وری گونده‌كه‌وه‌ن له‌ڕێگه‌ی پاسه‌وانه‌كانیانه‌وه، بۆیه ده‌كرێ بیریان له ده‌ربازبون كردبێته‌وه لەپێناوی پاراستنی گیانی دانیشتوان و هاوڵاتیانی گوندەکە. له هه‌مان كاتیش‌دا، به‌هه‌ر هۆیه‌ك بێ، بیریان له‌وه نه‌كردۆته‌وه كه له به‌رامبه‌ر خۆیان شاخێك هه‌یه هه‌ر سێ سه‌د مه‌ترێ دووره ده‌ڕوانێ به‌سه‌ر شوێنه‌كه‌ی ئه‌واندا، هه‌ر له سه‌ربازگه‌كه‌ی نزیكی ئه‌و شوێنه، واته سه‌ربازگه‌ی مه‌یدانانه‌وه هێزێك بۆ سه‌ر ئه‌و شاخه له شه‌ودا به‌ڕێ كراوه‌و له‌زنجیره‌ی ئه‌و شاخه‌دا دامه‌زراون، كاتێك كه جوڵه‌ی پێشمه‌رگه‌كان ده‌بینن، ئێمه بینیمانن كه چۆن هاواریان كرد‌و ته‌قه‌یان ده‌كرد، های عصات، ته‌نانه‌ت فیشه‌كی پێشمه‌رگه‌كانیشمان ده‌بینین كه له په‌نای سه‌ربازه‌كانه‌وه تۆزی ده‌كردو ده‌یان بردنه‌وه به دیوی ئه‌ودیوا، بۆیه زیانی زۆری شه‌هیده‌كان له‌و شاخه‌وه بووه.
له 11ی پێش نیوه‌ڕۆ ته‌قه كۆتایی هات و هێزه‌كه‌ی دوژمن گه‌ڕایه‌وه، دیار بوو برینداریان هه‌بوو، هه‌مان فه‌رمانده هاته‌وه لای خه‌ڵكه ئابڵوقه دراوه‌كه‌و به عه‌ره‌بی وتی: (قتلنا احمد فتح الـله و جمیع كان معهم)، ورده ورده گونده‌كه‌شیان به‌جێ هێشت و هێزه‌كه گه‌ڕانه‌وه. دانیشتوانی گونده‌كه‌ش له عه‌سری ئه‌و ڕۆژه‌دا چوینه خواره‌وه بۆ شوێنی شه‌ڕه‌كه، به خه‌مێكی قوڵ و چاوی پڕ فرمێسك و ماته‌مینه‌وه به‌شوێن ته‌رمه‌كانیاندا گه‌ڕاین، هه‌ندێكیان دوای شه‌هید كردنیان له‌و هه‌ڵدێرو ڕكه شاخانه فڕێیان دابونه خواره‌وه، چونكه پێست و توێخی له‌شیان لێ ببوۆوه، من زیاتر چوومه خواره‌وه به‌سه‌ر ته‌رمی شه‌هید ئه‌حمه‌دو شه‌هید عوسماندا كه‌وتم له سه‌رو گۆمی به‌رده بازه‌وه له‌نزیك دارمازویه‌ك شه‌هید كرابون، من به‌ده‌ستی خۆم ته‌رمی كاك ئه‌حمه‌دم هه‌ڵگرت له‌گه‌ڵ دوو هاوڵاتی تردا بردمانه سه‌ره‌وه، له‌و جوڵانه‌دا خوێنێكی یه‌كجار گه‌شی لێ هاته ده‌ره‌وه. له‌و گه‌ڕانه‌دا چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كمان به زیندوویی دۆزینه‌وه، ئه‌وانیش به‌ڕێزه‌وه به‌ڕێ كران و دوورخرانه‌وه، ته‌رمه‌كانیشمان به‌كۆڵ و زه‌حمه‌تی زۆر سه‌رخسته سه‌ره‌وه، له مزگه‌وت شۆردران و كفن كران. من خۆم به تیپ ناوه‌كانیانم له‌سه‌ر ته‌رمه‌كانیان نووسی و خه‌ڵكی خه‌مخۆری گوند تاكو به‌یانی به‌دیار ته‌رمی پیرۆزیانه‌وه بووین. بۆ ڕۆژی دواتر له گۆڕستانی گونده‌كه به‌هاوكاری گه‌نده‌كانی ده‌وروبه‌ر به‌خاك سپێردران. كه‌سوكاری شه‌هید (عوسمان مه‌جید) كه ئه‌و كاته له ماوه‌ت بوون، ته‌رمێكیان برده‌وه بۆ ماوه‌ت، له‌وێ ده‌رده‌كه‌وێ كه شه‌هید عوسمان نیه‌و ته‌رمی خانای موعێنی بوو، به هه‌ڵه بردبوویان و هه‌ر نه‌شیان گێڕایه‌وه، له‌وێ به خاك سپێردرا. كه‌سوكاری شه‌هید فه‌ره‌یدونیش له دواجاردا ته‌رمی شه‌هید فه‌ره‌یدونیان برده‌وه سلێمانی.
ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی تر زۆر پێویسته، كه دڵنیایی بده‌مه خوێنه‌ران بۆ مێژوو، هیچ پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌ناو گونده‌كه تووشی زیان نه‌بووه. نه به‌گیراوی، نه به شه‌هید بوون، دیاره مامۆستا (فازیل كه‌ریم ئه‌حمه‌د) ناسراو به مامۆستا(جه‌عفه‌ر) نووسه‌ری دیاری گه‌له‌كه‌مان، كه له حه‌فتاكان ئه‌ندامی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه بووه‌و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌وسای یه‌كێتی نیشتمانی بووه، له به‌رگی یه‌كه‌می بیره‌وه‌ریه‌كانیدا، له‌كتێبی (به خه‌ونی گه‌وره‌وه كه‌وتینه ڕێ) چاپی یه‌كه‌می كه له ساڵی (2019)دا بڵاوی كردۆته‌وه. ئه‌م بیره‌وه‌ریانه زۆر گرنگ و پڕ به‌هان و پڕ بایه‌خی مێژووین و بۆ ئاینده‌ی گه‌له‌كه‌مان پڕه له ئه‌زموونی سیاسی و بابه‌تی گران به‌ها، به‌ڵام به‌داخه‌وه له دوو شوێن له‌سه‌ر شه‌هید بوونی كاك ئه‌حمه‌دو هاوڕێكانی قسه‌ی كردوه‌و ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ی كه به‌ڕێزی زانیاری لێ وه‌رگرتووه به هه‌ڵه‌پێیان وتووه، یاخود به هه‌ڵه‌یاندا بردوه، له لاپه‌ڕه (288 و 289)، كه باس له خانای موعێنی ده‌كات، له‌دێڕی دوانزه‌یه‌می لاپه‌ڕه (289)دا دده‌ڵێت: (ئه‌حمه‌د فه‌تحوڵڵا) تا كاتژمێر دوو نیوی شه‌و له‌ناو دێی دڕی ده‌مێنێته‌وه‌و كاتێ دێته ده‌ره‌وه هێزی تایبه‌تی سوپای دوژمن بۆی له بۆسه‌دا ده‌بن، هه‌ر یه‌كه‌م ده‌ستڕێژ به‌رده‌كه‌وێت. ئه‌مه له سه‌دا سه‌د دووره له‌ڕاستییه‌وه. هه‌روه‌ها له لاپه‌ڕه (419بۆ420) له‌باسی شه‌هید مامۆستا غه‌فوری هه‌میشه زیندو، له لاپه‌ڕه (420) و دێڕی یه‌كه‌م و دووه‌م هه‌تا دوایی هه‌مان شت دووباره ده‌كاته‌وه، سه‌عات دوو نیوی شه‌و ئه‌حمه‌د فه‌تحوڵڵا له ماڵێك دێته‌ده‌ره‌وه‌و هه‌ر یه‌كه‌م ده‌ستڕێژ به‌رده‌كه‌وێت. كه ئه‌مه به هیچ شێوه‌یه‌ك وا نییه‌و دووره له ڕاستییه‌وه. من هه‌ر زوو له‌ڕێی مه‌سنجه‌ره‌وه به‌ڕێز مامۆستا جه‌عفه‌رم ئاگاداركرده‌وه، كه‌پێویسته ئه‌و هه‌ڵه‌یه ڕاست بكرێته‌وه، تا ئه‌م كاته ده‌نگی نه‌بوو. هیوادارم به مه‌به‌ست نه‌بێت و مامۆستا حه‌عقه‌ر هه‌وڵ بدات له‌و كه‌سانه زانیاری وه‌ربگرێكه ڕاسته‌وخۆ له ڕووداوه‌كاندا بوون، نه‌ك گێڕانه‌وه، من وه‌ك ئه‌بوبه‌كر كه شاهیدی ئه‌م ڕووداوه‌م به‌چاوی خۆم بینیومه، به‌ده‌ستی خۆم كه یه‌كه‌م كه‌س بووم چوومه سه‌ر ته‌رمی شه‌هید ئه‌حمه‌د له پاشنیوه‌ڕۆی دوای عه‌سری ڕۆژی شه‌هیدبوونیان، ته‌رمی شه‌هید ئه‌حمه‌دم هه‌ڵگرتووه‌و كه له مه‌یدانی شه‌ڕه‌كه به دووری كیلۆمه‌ترێ له گونده‌كه‌وه بووه. چونكه ئه‌م بابه‌ته‌ی مامۆستاله دواڕۆژدا وه‌ك باسێكی مێژوویی سه‌یر ده‌كرێ، بۆیه ئه‌م ڕاستكردنه‌وه‌یه‌م به‌پێویست زانی.
شه‌هیده‌كانیش ئه‌م نه‌مرانه‌ن:
1-شه‌هید ئه‌حمه‌د فه‌تحوڵڵا، ئه‌و كاته ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی بووه.
2- شه‌هید خانای موعێنی، برای سلێمانی موعێنی نه‌مر، خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ناسراو به مامۆستا قادر.
3- عوسمان عه‌ریف مه‌جید ماوه‌تیو برای شوان مه‌ندی شاعیر.
4- شه‌هید جه‌زا ماشانی.
5- شه‌هید محه‌مه‌د حاجی عه‌لی سه‌راوی.
6- شه‌هید فه‌ره‌یدون حاجی برایم چاو شوشه.
ئه‌وه‌ی شایانی باسه من له‌ساڵی (2002) له ژماره (4، 5) ی گۆڤاری سه‌روه‌ری كه ده‌زگای شه‌هیدان ده‌ری ده‌كرد بابه‌تێكم بڵاوكردۆته‌وه له‌سه‌ر ئه‌م كاره‌ساته‌و ورده‌كاریه‌كانی زانیاری به‌سودی تیایه. دواجارو بۆ هه‌میشه سه‌ری ڕێزم له‌ئاستی تێكڕای شه‌هیدانی ڕاسته‌قینه‌ی گه‌له‌كه‌م داده‌نه‌وێنم. ئه‌مه‌ش تێكستێكی خۆمه بۆ ڕۆحی پاكی ئه‌و شه‌هیده نه‌مرانه، كاك ئه‌حمه‌دو هاوڕێكانی- شه‌هیدانی گوندی دڕی نووسیومه، كه (20/6)ی هه‌موو ساڵێك یادیانه، به‌ناونیشانی:
(بۆ ساڵڕۆژی شه‌هیدانی گوندی دڕی)
كاتێك ئێوه‌یان شه‌هید كرد...
زۆری نه‌برد
نیشتمانیشیان وێران كرد...
نه ئه‌وترێ... نه ئه‌نوسرێ
ئه‌م گه‌له چه‌ندی ئازار چێشت...
ته‌نانه‌ت ته‌نور بانێكیان
له‌م ناوه به پێوه نه‌هێشت...
به سوپای زۆر به زه‌بری هێز...
دوور له به‌هاو نه‌ریت و ڕێز...
له سنوره‌وه ده‌ستیان پێ كرد...
هه‌رچی گونده خاپوریان كرد...
نه قسه‌یه‌ك نه تكای خوا نه هاوارێ
هیچیان نه‌بیست...
بكوژه... ببڕه... بسوتێنه
ئه‌وان هه‌ر ئه‌مه‌یان ئه‌ویست...
به هه‌زاران... كیلۆمه‌تری چوارگۆشه...
له كوردستان
له‌م به‌هه‌شته جوان و خۆشه...
ڕوخاو نه‌ما
هه‌مووی بوو به چۆڵه‌وانی...
گه‌ر بكرایه نه‌یان ئه‌هێشت
له دوره‌وه‌ش لێی بڕوانی...
بیابانه‌كانی عه‌ر عه‌ر
ئا لێره‌وه ده‌ستی پێ كرد...
كه پڕ كران له ئێسقانی
مرۆڤی بێ تاوانی كورد...
داگیركه‌ران
هه‌رچی بۆیان كرا كردیان
هه‌ر به‌مه‌شه‌وه نه‌وه‌ستان...
دواجار هاتن...
بست به‌بستی ئه‌م خاكه‌یان
به‌لوغم چاند...
هاتن له گۆڕه‌كانیشتانا...
ڤاڵماره‌یان به ڕیز دانا...
دوای ڕاپه‌ڕین له لای ئێوه
چه‌ندین كه‌سی تر شه‌هید بوو...
هه‌ر ئینسان بوو خوێنی گه‌شی
نیشتمانی پێ سور ئه‌بوو...
ئه‌ی شه‌هیدان
گه‌ر له‌به‌ر ڕۆشنایی مێژووی
پڕ سه‌روه‌ریتان بڕوانین...
گه‌ر له به‌های ئه‌و قوربانی و
خوێن به‌خشینه‌تان بزانین...
ئه‌وسا دڵنیام
یه‌كه یه‌كه‌ی گۆڕه‌كانتان
گه‌وره‌ترین زانكۆمانن...
پیرۆزترین
وانه‌و ده‌رسی تێكۆشانن...
له هه‌ر پله‌و ئاستێكدا بین
چه‌ند به‌رز بین...
بڕوانامه‌ی خه‌بات گێڕی و
سه‌ركه‌وتنی لێ وه‌ر ئه‌گرین...
ئه‌بوبه‌كر عوسمان (20/6/2012)
ئەم بابەتەم لە ژمارە ۱۲ ی گۆڤاری شارباژێڕدا بڵاو کراوەتەوە